مەحمود سەنگاوی لەسەر كێشەكەی كۆرمۆر چی دەڵێت؟

03/02/2020
فۆتۆ: 
دەنگوباس

مەحمود سەنگاوی ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتیی لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت هیچ پەیوەندی بەو كێشەیەوە نییە كە بە هۆی غازی كێڵگەی كۆرمۆرەوە دروست بووە.

نووسینگەی تایبەتی مەحمود سەنگاوی لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە درەنگانێكی شەوی رابردوو بڵاویكردەوە دەڵێت: "بەداخەوە لێرە و لەوێ بە فەرمی و نافەرمی لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنەوە هێرشێکی ناڕەوا و نابەرپرسانە دەکرێتە سەر هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی و چەند سەرکردەیەکی دیکەی (ی.ن.ک) سەبارەت بە چەند کەیسێکی شێوێنراو پەیوەست بە نرخی سوتەمەنی، سەرجەمی ئەو بڵاوکراوانە دورن لە ڕاستییەوە و هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی هەمیشە پشتیوانی هەر کار و چاکسازیەک بووە کە خزمەت بە هاونیشتیمانیان بکات و بە پێویستی دەزانین لێرەوە ڕایبگەیەنین کە تەواوی ئەو کەیسانە دور و نزیک پەیوەندییان بە هەڤاڵ مەحمود سەنگاوییەوە نییە و بەڵکو ئەوەی ڕوویداوە بە پێی زانیاریەکانمان تەنها ڕێگریەک بووە کە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە کراوە دژ بە قۆرخکاریی کۆمپانیایەکی سەر بە لایەنێکی سیاسی دیاریکراو لە بەرگی حکومەتدا لە ناوچەکە لە پێناو بژێوی ڕۆژانەی خۆیان".

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە كە "بۆ بەرچاو ڕوونی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە پێویستمان زانی لێرەوە ڕابگەیەنین کە بە شێوازێکی خۆڕسکانە لە ژێر ناوی هەڤاڵ مەحمود سەنگاویدا چەندین پەڕەی نافەرمی دروستکراون و ڕۆژانە بڵاوکراوەیان هەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و لە ژێر ناوی هەڤاڵ مەحمود سەنگاویدا هێرش دەکرێتە سەر کەسایەتیی و لایەنە سیاسیەکان کە تەعبیر لە ڕا و بۆچوونی هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی ناکات".

ڕاشیگەیاندووە كە "لە ھەموو کۆمەڵگایەکدا کەسانی دزێو و داواکراو لە یاسا بوونیان هەیە و کۆمەڵگای ئێمەش بە دوور نییە لەم جۆرە کەسانە، بۆمان ڕوون بۆتەوە کە لە ماوەیی ڕابردوودا دەستێکی نادیار چەندین کاری دزێو و نایاسایی لەژێر ناوی هەڤاڵ مەحمود سەنگاویدا ئەنجامداوە، هەر بۆیە بە پێویستی دەزانینن کە کۆمەڵانی خەڵکی بەشەرەفی کوردستان بەئاگا بن" و داواششیكردووە كە لە ئەگەری ڕوودانی هەر کارێکی نایاسایی بەرامبەریان لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە بۆ ڕێوشوێنی یاسایی و لە ئەگەری بەکارهێنانی ناوی مەحمود سەنگاویدا پەیوەندی بە خۆیەوە بكەن.