قایمقامی چەمچەماڵ وەڵامی قایمقامی هەولێر دەداتەوە: دەیانەوێت قەیرانی خۆیان بۆ ناوچەی دیكە بگوازرنەوە

02/02/2020
فۆتۆ: 
دەنگوباس

قائیمقامی چه‌مچه‌ماڵ ڕەتیدەكاتەوە كە هیچ كێشه‌یه‌ك له‌به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی غاز له‌سنووره‌كەیاندا هەبێت و ئەمەش دوای ئەوەی ئەوەی قایمقمای هەولێر رایگەیاند كە قەیرانی غازی پارێزگاكە لە چەمچەماڵەوە دروست بووە.

ڕه‌مه‌ك ره‌مه‌زان قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ دەربارەی دروستبوونی قەیرانی غاز لە هەولێر لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵەپڕی پی یو كەی میدیا ڕاگەیاند "وه‌ك لایه‌نی حكومی به‌ یاسا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی غاز و هه‌موو پرسه‌كانی دیكه‌ له‌سنووره‌كه‌ ده‌كه‌ین و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و غاز كه‌پێشتر له‌لایه‌ن كۆمپانیای گوڵدن جاگوار ده‌گوازرایه‌وه‌، له‌ئێستادا له‌رێگه‌ی ته‌نده‌رو به‌شێوه‌ی زیادكردنی ئاشكرا بۆ كه‌سێكی دیكه‌ ده‌رچووه‌و هیچ كێشه‌یه‌كیش له‌پرۆسه‌كه‌دا نیه‌".

وتیشی: سه‌رجه‌م خاوه‌ن تانكه‌رو ئه‌و كه‌سانه‌ دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌پرۆژه‌كه‌دا ئیش ده‌كه‌ن له‌جێی خۆیان ده‌مێننه‌وه‌و به‌رده‌وامی به‌كاری خۆیان ده‌ده‌ن، بۆیه‌ هه‌ر هه‌واڵ و زانیارییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بڵاوكرابێته‌وه‌ راست نین و دوورن له‌راستییه‌وه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی ته‌نده‌ریندا بۆ پرۆژه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی چه‌مچه‌ماڵ بۆچوونی ئیداره‌ی چه‌مچه‌ماڵ وه‌رناگرێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ گرفتی نوێ بهێنێته‌ ئاراوه‌.

قائیمقامی چه‌مچه‌ماڵ لێدوانه‌كه‌ی قایمقامی هه‌ولێریشی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ وتبووی هۆكاری كێشه‌ی كه‌می غازی له‌هه‌ولێر له‌ چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌یه‌و راشیگه‌یاند: هیچ كێشه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی غاز له‌سنووره‌كه‌ نیه‌ و ده‌بوایه‌ قائیمقامی هه‌ولێر په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌ بكردایه‌ نه‌ك له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر چه‌مچه‌ماڵ بدات و ئاگاداری بابه‌ته‌كه‌ش نه‌بێت.

ڕه‌مه‌ك ره‌مه‌زان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، وه‌ك رابردوو له‌چه‌مچه‌ماڵ بوتڵێك غاز به‌ 6 هه‌زار و 250 دینار به‌ وه‌كیله‌كان ده‌فرۆشرێت و به‌داخه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت قه‌یرانی كه‌می غازی ناوی هه‌ولێر بۆ ناوچه‌ی دیكه‌ بگوازنه‌وه‌.

ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات كە نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر ڕاگەیاند بڕیار بوو ئەو كۆمپانیایەی تەندەرەكەی بۆ دەرچووە دەست بە ناردنی غاز بۆ هەولێر بكرێتەوە، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی کۆمپانیای نوێ لە کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، خاوەنی کۆمپانیا نوێیەکە لەلایەن هێزێکی چەکداری ناسراوەوە رفێندراوە و سەرباری ئەزیەتدانیشی، رێگری لێکراوە غاز بۆ هەولێر ببات.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر دەڵێت "کۆمپانیای پێشوو کە پاڵپشتییەکی زۆریان هەیە بە پاڵپشتیی سەربازیشەوە، رێگرن لەوەی غاز دابەشی سەر شارەکانی کوردستان بکرێت".

ئەمڕۆش وتەبێژی حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە دوو ڕاگەیەندڕوادا كۆمەڵێك "كەسی دەستڕۆیشتووی چەمچەماڵ و سلێمانی"یان تۆمەتبار كرد بەوەی رێگری لە رۆشتنی غاز دەكەن بۆ هەولێر و دهۆك.