پەرلەمانتارێكی گۆڕان: مەسرور بارزانی چاكسازی ناكات و باشترە گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە

01/02/2020
فۆتۆ: 
دەنگوباس

پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت نایەوێت چاكسازی بكات و داوا لە حزبەكەی دەكات لە حكومەت بكشێتەوە.


غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له لێدوانێكیدا بۆ رادیۆ نەوا رایگەیاند "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تێوه‌نه‌گلاوه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌نده‌ی یه‌كێتی و پارتی شه‌ریكن و خه‌ریكی نه‌وت و كۆمپانیان و به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌ت و دابه‌شكردنی بودجه‌ی عێراقن، ئه‌وه‌نده‌ گۆڕان خه‌ریكی نییه‌، پێده‌چێت یه‌ك یان دوو به‌رپرسی ئیداریی گه‌نده‌ڵییان هه‌بێت".

وتیشی "پێموایه‌ ئێستاش نه‌چووه‌ بچێت، گۆڕان ده‌توانێت له‌م حكومه‌ته‌ بێته‌ده‌ره‌وه‌ و داوای مافه‌كانی خه‌ڵك بكات، تا بارودۆخی هه‌رێم باش ده‌بێت به‌ ئۆپۆزسیۆنی بمێنێته‌وه‌".

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان لەو بڕوایەدایە كە "مه‌سرور بارزانی (سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان) چاكسازی ناكات و نایه‌وێت بیكات، ده‌یه‌وێت كۆمپانیاكان له‌ نێچیرڤان بارزانی وه‌رگرێته‌وه".

لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا ئەمە سێیەم لێدوانی بەرپرس و پەرلەمانتاری گۆڕانە كە دژ بە حكومەتی هەرێم و بە تایبەتیش رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بدرێت.

پێشتریش چالاك موهەندیس ئەندامی جگاتی نیشتمانی و هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە دوو لێدوانی هاوشێوەدا رەخنەیان لە پارتی و حكومەتی هەرێم گرتبوو.

لای خۆشیەوە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم بە توندی وەڵامی چالاك موهەندیسی دایەوە و تۆمەتباری كرد بەوەی "بە فیتی كەسانی تر هەڵدەسوڕێندرێن".