مستەفا چاوڕەش: یەكێتی لەم چەند رۆژەدا سەرۆک یان سکرتێر دیاری دەکات

01/02/2020
مستەفا چاوڕەش ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی یەكێتی
فۆتۆ: 
دەنگوباس

ئەندامێكی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی باس لەوە دەكات كە لەم چەند رۆژەدا سەرۆك یان سكرتێری نوێی حزبەكەیان دیاری دەكەن، بەڵام تا ئێستا دیاری نییە كە كێ ئەو پۆستە وەردەگرێت.

بڕیاربوو 29ی کانوونی دووەمی 2020 کۆبوونەوەی دووەمی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام بدرێت دوای ئامادەکردنی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە، تێیدا گفتوگۆ بکرێت لەسەر خاڵەکانی پەیڕەوی ناوخۆ کە لەلایەن لیژنەیەکی 20 کەسی ئەنجومەنەکەوە هەموار کراوەتەوە، بەڵام بەهۆکاری تەکنیکی کۆبوونەوەکە دواخرا.

ئێوارەی رۆژی 28ی کانوونی دووەم دوای 71 كاتژمێر کۆبوونەوە لەماوەی 12ڕۆژدا وەکو لیژنەی پێداچوونەوە و هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانرا پڕۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی تەواو بکرێت، بڕیاربوو 29ی کانوونی دووەم کۆبوونەوەی دووەمی ئەنجومەنی گشتی ئەنجام بدرێت لەوبارەیەوە.

ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مستەفا چاوڕەش كە سەرۆكایەتی دووەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنەكە دەكات ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی یەکێتیی دواخرا بۆ رۆژی شەممە یەکی شوبات تا دوا پێداچوونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکرێت و لەڕووی تەکنیکیشەوە ئامادەبکرێت بۆ گفتوگۆکردن و پەسەندکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی.

لای خۆشیەوە مستەفا چاوڕەش ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، ''هەندێک خاڵ لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هێڵرایەوە بۆ ئەوەی دوای کۆنگرە لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتییەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بۆیە لە کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجومەنەکەدا کە من سەرپەرشتیم دەکرد لیژنەیەکی 20 کەسی پێکهێنرا بۆ قسە لەسەر کردن و هەموارکردنەوەی، ئەوە ماوەی 20 رۆژە سەرقاڵی گفتوگۆکردنن لەسەری، بڕیار بوو رۆژی رابردوو کارەکانی تەواو بکرێت و ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دووەمی ئەنجومەن بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی ئامادەکاری تری مابوو، کە پێدەچێت ئێستا تەواو کرابێت، کۆبوونەوەکە دواخرا، کاروبارەکان بەپێی ئەو پەیڕەوە چی دانرابێت لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت".

لەبارەی رۆژەڤی کۆبوونەوەی دووەمی ئەنجومەنی سەرکردایەتی (گشتی) یەکێتییەوە، مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەکە بڕیار بوو 29ی کانوونی دووەم ئەنجام بدرێت، بەڵام هەندێک کاروباری هونەری مابوو، بۆیە دواخرا بۆ رۆژانی داهاتوو و گوتی: ''لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتیدا گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانەی پەیڕەو دەکرێت کە ئامادەکراون و هەمواریان بۆ کراوە کە مەرج نییە بەیەک کۆبوونەوە کۆتاییان پێ بێت، رێکارە سەرەکییەکان دەبێت پەلەی تێدا بکرێت، ئەوانە لە کۆبوونەوەی یەکەمدا بڕیاری لەسەر دەدرێت و دەکرێت بە تەوەری گفتوگۆ، هەر بۆیە کۆبوونەوەکەی 29ی مانگ دواخرا چونکە ئەم ئامادەکاریانە تەواو نەبوو. لە کۆبوونەوەی داهاتوودا من بانگهێشتیان دەکەم و دانیشتنەکە دەست پێ دەکات".

لەبارەی کارەکانی دوای هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ، مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەدا کە دوای بڕیاردان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ، کار دەکرێت بۆ دیاریکردنی سنوورەکانی دەسەڵات، لە پارێزگاکان، ئنجا ناوی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی لێ دەنێن یان هەروەک مەڵبەندەکان دەمێنێتەوە، ئەوە بەپێی پەیڕەو قسەی لەسەر دەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت و ئەمانە دیاری دەکرێت''.

سەبارەت بە دیاریکردنی سکرتێر یان سەرۆکی نوێی حزبەکە و رێکارەکانی دیاریکردنی، مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەدا کە دوای ئەوەی لە پەیڕەودا بڕیار لەسەر ناوەکەی دەدرێت کە سکرتێرە یان سەرۆک، ئەوکات کەسێکیش دەستنیشان دەکرێت بۆ پۆستەکە و رابەڕایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و گوتی: ''هەر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتیدا دوای بڕیاردان لەسەر ناوی سکرتێر یان سەرۆک، ئەوکات کەسێک هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەو پۆستە و رابەرایەتی یەکێتی دەکات و ئەندامانی ئەنجومەن بانگهێشت دەکات بۆ بەستنی کۆبوونەوەکان و بەرپرسی یەکەم دەبێت لە هەموو یەکێتی".
مستەفا چاوڕەش پێی وابوو کە لە یەک دوو کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی یەکێتیدا لەم چەند رۆژەی داهاتوودا، ئەو پۆستە دیاری دەکرێت، چونکە ناکرێت یەکێتی بەبێ سکرتێر و سەرۆکێک بڕوات بەڕێوە.

دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێیتی نیشتمانیی کوردستان کە کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتی دەکات، مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجومەنەکە لە کەسانێکی بەرپرسی باڵای یەکێتی پێکهاتوون، ئەوانە گەورەترین دەسەڵاتن کە لە کۆنگرەدا هەڵبژێردراون، بەردەوام رۆژانە لەگەڵ ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی لە دانیشتندان و گفتوگۆ و راوێژدا و لەنێو پەیڕەوەکەشدا جێگەی ئەو ئەنجومەنە کراوەتەوە وەک ئەنجومەنێکی گرنگ.