هەرێمی كوردستان لە ترسی كۆرۆنا سێ هاووڵاتی چینی دیپۆرت دەكاتەوە

01/02/2020
فڕۆکەخانەی هەولێر
فۆتۆ: 
دەنگوباس

بە هۆی ڤایرۆرسی كۆرۆناوە سێ هاووڵاتی چینی بە بێ پشكنینی پزیشكی رێگە نەدرا لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە بێنە هەرێمی كوردستان و دیپۆرت كرانەوە.

رزگار فەرزەندە ئەفەندی بەرپرسی ھۆبەی پاسپۆرتی فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تی ھەولێررایگەیاند ''ئه‌مڕۆ سێ هاووڵاتیی چینی كه‌ به‌نیازبوون بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر رێگامان پێیان نه‌دا و گه‌ڕێندرانه‌وه‌، ئه‌م رێكاره‌ش به‌ مه‌به‌ستی رێگەگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌''.

بەرپرسی ھۆبەی پاسپۆرتی فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تی ھەولێر گوتیشی: ''هه‌ر هه‌ڵگرێكی پاسپۆڕتی چینی كه‌ به‌نیازبێت بێته‌ هه‌رێمی كوردستان به‌بێ پشكینین رێگریی له‌هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت، هاوكات هه‌ر ئه‌مڕۆش هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی چینی ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی''.

رەوانەكردنەوەی ئەو هاووڵاتییە چینییانە لە چوارچێوەی رێوشوێنە خۆپارێزییەكانی حكومەتی كوردستاندا دێت بۆ ریێگرتن لە سەرهەڵدانی نەخۆشی كۆرۆنا لە هەرێمەكە.

پێشتریش رزگار ئەفەندی رایگەیاندبوو كە بە پێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ رێ بە هاتنەناوەوەی هاووڵاتییانی چینی نادەن بۆ هەرێم.

بە پێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان كە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەکانی هه‌رێمی كوردستانی كردووە بڕیاردراوە كه‌ ھاتنەژوورەوە لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو کەسە بیانییانەی کە دوای رێكه‌وتی 14/1/2020 سەردانی وڵاتی چینیان کردووە قەدەغەیە.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردووش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ پشكنین بۆ هه‌موو ئه‌و گه‌شتیارانه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

لای خۆشیه‌وه‌ سامان بەرزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند‌ كه‌ هیچ حاڵه‌تێكی تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار نه‌كراوه‌.

تا ئێستا نه‌خۆشی كۆرۆنا له زیاتر لە 25 وڵات تۆماركراوه‌ و بە هۆیەوە 259 كەس لە چین گیانیان لە دەست داوە كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەیە.