بەرپرسێكی پێشوو كۆمەڵی ئیسلامی: دەبێت سیاسەت و بانگەواز جیابكرێنەوە

01/02/2020
سەلیم کۆیی
فۆتۆ: 
دەنگوباس

ئەگەر کارکردنی کۆمەڵی ئیسلامی هەر بەو ڕیتمەی ئێستا بێت بەرەو ئاڕاستەیەكی خراپ دەڕوات

كۆمەڵی ئیسلامی كە لە 2001 لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیا بووەوە تا ئێستا چوار كۆنگرەی بەستووە و بڕیارە کۆنگرەی پێنج کە چەند جارێک دواخراوە ببەستێت، تائێستا کاتەکەی دیار نییە. لە كۆنگرەی پێشوو بۆ ئێستا و چەند سەركردەیەكی جیا بوونەوە، سەلیم كۆیی یەكێكە لەو سەركردانەی لە كۆمەڵی ئیسلامی جیا بووەتەوەو لەم چاوپێکەوتنەدا باسی دۆخی کۆمەڵی ئسلامی دەکات.

بە گشتی پرسی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بە گشتی ئۆپۆزسیۆن مرێندراوە، دەنگەكانی پەرت بوون، ئۆپۆزسیۆنی پێشووتر بە تایبەت لە پاش حەڤدەی شوباتەوە ئۆپۆزسیۆنێكی جدی بوو، دەسەڵاتیان بە چۆكدا هێنابوو، حكومەت و پەرلەمانیان ڕاوەستان، بەڵام پاش ئەو تەزویراتە زۆرەی لە هەڵبژاردنەكاندا كرا، ئیتر پەكی ئۆپۆزسیۆن خرا، ئەمەی ئێستا هەیە نە خاوەنی پڕۆژەن و نە پشتیوانیی جەماوەرن بۆ گۆڕانكاری، ئێستا ئۆپۆزسیۆنی جددی لە بەغدایە، حكومەت و پەرلەمانی عێراقی ئیفلیج كردووە، گۆڕەپانی تەحریر گۆڕەپانی قسەیە، خۆ ئەو كێشانەی ئەوێ‌ لێرەش هەن، بەڵام پێویستە ئۆپۆزسیۆن ڕابەرایەتیی ئەو خەڵكە بكات، كە نایكات، ئێستاش ئەو لایەنانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن هیچ پڕۆژەیەكی ڕاگەیەندراویان نییە، هەروەها ئەگەر نەتوانن شەقام بجوڵێنن ئەوا ئۆپۆزسیۆنێكی ساردوسڕن.

كۆنگرەی ڕابردووی كۆمەڵی ئیسلامی چۆن هەڵدەسەنگێنی، بۆچی بوویە وێستگەیەك بۆ جیابوونەوەی ئارام قادر و هاوڕێكانی؟
سەرەتا دەمەوێ سەرنجی خۆم لەسەر ئەوە بڵێم كە بە ئاماژەیەكی بابەتیانە وەڵامی پرسیارەكان بخەمە ڕوو بە دوور لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای هەر حزبێك، بەڵكوو بۆ بارودۆخیان دەكرێت پرسیار ئاڕاستەی خۆیان بكرێت جگە لەو مێژووەی كە خۆم تیای بووم، سەبارەت بە پرسیارەكەتان ئەوكات ئەنجوومەنی شورا هەبوو دواتر كرا بە ئەنجوومەنی چاودێری و لێپرسینەوە، ئەو برایانەی كە لە كۆنگرە دەرنەچووبوونەوە یان نەیانویستبوو خۆیان بەربژێر بكەن لە ئەنجوومەنەكە كاریان كرد، چەند پڕۆژەیەك خرایە ڕوو، بۆ مەبەستی لێكتێگەیشتن و تەفاهومی پڕۆژەكان ئەوكات زیاتر وتووێژ لەگەڵ ئەمیری حزب و مەكتەبی سیاسی دەكرا، ئێمە لە سەركردایەتی زۆرمان داوا كرد لەگەڵیان دانیشین، بەڵام دانیشتنەكە ساز نەكرا، ترسی ئەوە هەبوو ئەگەر ئەو پڕۆژەیەی پێشنیاز كرابوو جێبەجێ بكرێت كۆمەڵی ئیسلامی هەڵبووەشێتەوە.

جا بە حەقیقەت بەو پڕۆژەیە كۆمەڵ هەڵدەوەشایەوە؟
نەخێر شتی وا نەدەبوو، چونكە هەر حزبێك دواجار هەر پڕۆژەی كۆمەڵێ خەڵكە، ڕاگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامی پڕۆژەی بەشێك لەو كەسانەبوو كە پێشنیازی پڕۆژەكەیان كردبوو، دواتر خۆ حزب سیلسیلەی قوڕەیشی نییە دەستاودەست هاتبێ، تەمەنی بزووتنەوەی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی هەر سیوپێنج ساڵێك دەبێت، ئەوانیش لە سەرەتادا هەر پڕۆژە بوون خۆ نیگایان بۆ نەكرابوو، لە ڕاستیدا بنەمای هەموو كۆنگرە و كۆنفرانس و ڕێكخستنێك لە نوێبوونەوەی پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە سەرچاوەی گرتووە، پێشتر ئەو شێواز و پەیكەر و جۆری كاركردنەی حزبایەتی هەر نەبووە.

كەواتە ئەم جۆرە لە كاری سیاسی بەرهەمی ئیسلام نییە؟
نەخێر، بەڵام هەموو داهێنانێك بریتییە لەوەی چۆنی قبووڵ دەكەیت، بە تەرازووی هەڵسەنگاندنی ئەوەی پێچەوانەی شەریعەت نییە دروستە سودی لێ وەربگریت، وەك زۆربەی تەكنەلۆژییەكان بەرهەمی مسوڵمانان نین، بەڵام دەكرێ سودیان لێ وەربگیرێ‌، چونكە ئیسلام لەگەڵ پێشكەوتنە، لێرەدا سەرنج لە مەبەست و ئامانجەكە دەدرێت مادام بۆ خزمەتی مرۆڤە كەواتە هاوتەریبە لەگەڵ شەریعەت، حزبایەتیش هەروایە، خەڵكێك لەسەر پڕۆژەیەك ڕێك دەكەون بەو واتایەی حزب میكانیزم و هۆكاره‌ نەك ئامانج، بۆیە هیچ گونجاو و ڕێپێدراو نییە بە چاوی پیرۆزی لە حزبایەتی بڕوانین، هەركاتێ حزبایەتی لە پڕۆژەوە گۆڕا بۆ پیرۆزی و موقەدەس كرا، ئەوكاتە لە چوارچێوەی حزبی دەردەچێت و دەبێتە بەرژەوەندیی چەند كەسێك، ئەو کاتە‌ دەرگاكانی پێشنیازی پڕۆژەی نوێ بە بیانووی بێبنەما دادەخرێن، هەروەك ستەمێك دەبێ لە شەهیدان، چونكە ئەو خەڵكەی لە پێناوی حزبدا خۆی بە كوشت داوە بۆ ئەوە بووە پڕۆژەی گۆڕانكاریی هەبێت نەك بكرێتە شتێكی موقەدەس بە دەوری چەند سیاسییەك خول بخوات.

بێمەوە سەر باسی ئەو پڕۆژەیەی بۆ كۆنگرەی پێشوو پێشنیاز كرا، دەبوو گفتوگۆی لەسەر بكرایە دەستنیشانی خاڵی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەكانی بكرایە پاشان شەن و كەو بكرایە، ئەو كاتە پێشكەش كرایە چونكە هیچ بەرهەمێكی دەستی مرۆڤ لەسەداسەد باش و تەندروست نییە، بەڵكوو ڕێژەییە، بە هەرحاڵ ئەورووپا بەردەوام ئەبدەیتی چەمكەكانی وەك ئازادی و یەكسانی و یاسا و دەستوور و حزبایەتی دەكات، بەڵام لێرە گۆڕانكاری مەترسیدارە، بەڵكوو ئەوانەشی بانگەشه‌ی پڕۆژەی نوێكردنەوە دەكەن چەواشەكارییان بەرامبەر دەكرێ و بە نموونەی لادان لە (صراگ المستقم) ناشیرین دەكرێن لە ناو ئەندامانی حزب.

ئەو پڕۆژەیەی باس كرا، دەرەنجام مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵ قبووڵی كرد؟
بەڵێ‌، بەڵام ئەو برایانه‌ی خاوەن پڕۆژەكه‌ باسیان لەوە دەكرد زۆر گۆڕانكاریی تیادا كراوە و ئەو ماهییەتەی نەماوە كە ئەوان پێشنیازیان كردووە، وەك دەگوترا بە جۆرێك دەستكاری كراوە نایناسیتەوە، ئێمە داوامان كرد خۆیان بە پڕۆژەكەیانەوە بێنە كۆنگرە و بۆ ئەندامانی كۆنگرەی ڕاڤه‌ بكەن، بەڵام ئامادە نەبوون بێنە كۆنگرە، ئێمە ئەو كات ئەو بڕیارەمان پێ ناخۆش بوو.

كەواتە لەم نێوەندەدا كۆمەڵ تاوانبار بوو یان ئارام قادر و برادەرەكانی؟
بابەتەكە تاوانباری نییە، بەڵكوو حزب كە زانی كۆمەڵێك كەسی دڵسۆز پڕۆژەیەك پێشكەش دەكەن، بڕواشیان وایە گۆڕانكاریی پێ دەكرێت دەبێت قبووڵی بكەن، چونكە هەر دەستەیەك لە حزب جیا ببنەوە حزبەكە و دەستەكەش زەرەرمەند دەبن، خۆ ئەگەر تەنها دەستەكەش زەرەرمەند ببن هەر حزب تاوانبارە، چونكە ئەمان سەركردەن و حزبیش موڵكێكی گشتییە، سەركردە بە وتارەكانی دەتوانێت بۆچوونی ئەوانەی خوارەوە بگۆڕێت، ئەم پڕۆژەیەش هەر وا بوو، دەكرا بە پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ باسی بكەن.

ئایا دەكرا هەڵوێستی كۆمەڵ بە جۆرێكی تر بوایە كە ئارام قادر و هاوڕێكانی نەچوونایەتە دەرەوە؟
بێگومان، ئەو كات بە لایەنی كەم نەدەوترا ئەم پڕۆژەیەمان هەبوو قبووڵ نەكرا، چونكە ئەو برادەرانەی كە لە دەرهاوێشتەی دەستكاریی پڕۆژەكە دەستیان لە كار كێشایەوە، بەشێكیان لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵ بوون، دەبوو حزب زیاتر بەدوای هۆكارەكانی ئەم بابەتەدا بوایە.

دواتر ئێوە سێ ئەندامی سەركردایەتی و دەیان كادر لە كۆمەڵ دووركەوتنەوە، بە هۆی كێشەیەكەوە كە لە ناوخۆی حزبدا بە كێشەی مەڵبەندی هەولێر ناسراوە، ئەو كێشەیە چی بوو؟
ئەو كادرانەی هاتنە پێشەوە خەڵكێكی گەنج بوون، بەرهەمی پڕۆژەی كۆمەڵی ئیسلامی بوون، لە سێكتەرەكانی خوێندنەوە هاتبوون، ئەوان پڕۆژەیان هەبوو دەیانویست پەیوەندی لەگەڵ جەماوەر درووست بكەن، ئەو كات من بەرپرسی مەڵبەندی (3)ی هەولێر بووم، هاوكاریی باشم دەكردن، چونكە ئەوانەی بوونە كارگێڕی مەڵبەند زۆربەی لە ڕێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی وەك قوتابیان و ئەندازیاران و پزیشكانه‌وه‌ هاتبوون، هه‌ر ئه‌و كاته‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2014دا توانیمان 82 هه‌زار ده‌نگ به‌ ده‌ست بێنین و دوو ئه‌ندام په‌رله‌مان سه‌رخه‌ین بۆ به‌غدا، پاشان بۆ كۆنگرەی سێی حزب كە لە ساڵی 2015 ساز درا بڕیار درا بەرپرسی مەڵبەندەكان لە ناوچەكانی خۆیانەوە هەڵبژێردرێن، ئەوە بوو بەڕێز ئیسماعیل ڕەسول بە ڕێژەی زیاتر لە 70%ی دەنگی ئەندامانی كۆنفراس بە بەرپرسی مەڵبەندی هەولێر هەڵبژێردرا، وەك سەركردایەتییەكی سنوورەكە لە پشتیوانی یان بەردەوام بووم بە هۆكاری ئەوەی ئەوان گەنج بوون و زۆر ناسراو نەبوون هەروەك ئەوانیش پشتیوانییەكی لەم جۆرەیان لە هەموان چاوەڕێ دەكرد، بەڵام بەداخەوە بە تێپەڕبوونی كات لەملاولاوە كێشەیان بۆ درووست دەكرا، لە كاتێكدا زۆربەی ئەو برایانە ئازار و زیندانیان بینیبوو، كەچی لە ناوخۆی حزبەكە بە چەند شێوازێك بەردەوام فشار دەخرایە سەریان.

كەواتە بەرپرسی هەڵبژێردراوی مەڵبەندی هەولێر لەژێر فشاردا وازی هێنا؟
بێگومان، چونكە هیچی بۆ نەدەكرا، داوای دەكرد ئەگەر لەسەر حەقم مافم بدەنێ‌، ئەگەر لەسەر حەقیش نیم من دەڕۆمەوە، بەڵام ئەوە هەر ساغ نەكرایەوە كە ئایا لەسەر حەق بوو یان نا، ئەمە جگە لەوەی قسەیان بۆ درووست دەكرا و دەیانوت ئەوانە كۆمەڵێك كەسن سەریان بە یەكەوە ناوە، پاشان هەوڵی ئەوەیان دا چەند كەسێكیان فەسڵ و نانبڕاو بكرێن، بەڵام بە فشاری سەركردایەتی ئەوە نەكرا، دواتر كە بەرپرسی مەڵبەند دەستی لە كار كێشایەوە، عەبدولستار مەجید ئەركی بەرپرسیارێتیی مەڵبەندەكەی پێ سپێردرا ئەوەش قبووڵ كرا، داوای ئەوەشیان كرد تا ئەم كۆنگرەیە هەر ئەو بەرپرسی مەڵبەند بێت، بەڵام بڕیارەكە گۆڕانكاریی زۆری تیادا كرا، ئەمە لە كاتێكدا بەرپرسی شەرعی و هەڵبژێردراوی مەڵبەند كە پێشتر زویر كرابوو دكتۆراكەی تەواو كردبوو تەنها گفتوگۆی مابوو، بەڵام كەس داوای نەكرد ئەو بخرێتەوە شوێنی خۆی، لە كاتێكدا داوا كرا بۆ ئەم شەش مانگە تا كۆنگرە ئەو بكرێتەوە بە بەرپرسی مەڵبەند، بەڵام ئەوەش نەكرا، هەوڵی زۆر درا و قسەی زۆر كرا، بەڵام هیچی وەرنەگیرا وەك بڵێی پیلانی پێشوەختەی بۆ داڕێژرا بێت، ئیتر ئێمە ناچار بووین دەست لە كار بكێشینەوە.

لەگەڵ جیاكردنەوەی سیاسەت و بانگەوازدایت؟
بێگومان، سیاسەت پرسێكە كەسانی سیاسەتمەدار و پڕۆژەی تایبەتی دەوێ‌، سیاسەت بریتییە لە دەوڵەتداری، جیاوازە لە بانگەواز، ئەوەی دەوڵەت بەڕێوە دەبات مەرج نییە بتوانێت بانگەواز بكات، بەڵام بانگخوازەكان دەتوانن پشتیوانێكی باشی پڕۆسە سیاسییەكە بن، وەك پشتیوانی لە فەرمان بە چاكە و ڕێگری لە خراپە، پرسیارێكی ناڕۆشن هەیە كە ئایا سیاسەت لە ئیسلام جیا دەكرێتەوە یان لە بانگەواز؟ ڕاستییەكەی ئەوەیە ئیسلام بەبێ‌ سیاسەت نابێ‌، بەڵام بانگەواز جیاوازە و دەبێت.

حزبی ئیسلامی تا ئێستاش زیاتر لە چوارچێوەی ئەركی ڕێكخراوێكی بانگخوازیدایە، لە ڕاستیدا واقیعەكە ئەوەمان پێ دەڵێ گرفتی خەڵك هەر دەعوە و بانگەواز نییە، ئەوەندەی گرفتی خزمەتگوزارییە.

وەك چاودێرێكی سیاسی، پێت وایە بۆچی كۆنگرەی كۆمەڵی ئیسلامی دوا كەوتووە، لە كاتێكدا بڕیار وا بوو لە كۆتایی ٢٠١٩دا وەك یەكێتیی و یەكگرتوو كۆنگرە ببەستن؟
ئاشكرایە كۆنگرە میكانیزمی نوێبوونەوەی حزبە، بۆ ئەوەیە چاوێك بە چوارساڵی ڕابردوودا بخشێندرێتەوە و بەرنامەی داهاتوو دیاری بكات و خەڵكی بۆ هەڵبژێرێت، بەڵام بەداخەوە لە كوردستاندا بەر لە هەر شتێك دەبێت پێگە و پلە و پۆستی چوارچێوەی حزب و كەسانی سەرەوە پارێزراو بێت، ئەمانە چەند هۆكارێكی سەرەكیی دواخستنی كۆنگرەی حزبەكانە بە گشتی، هەموو حزبەكانیش ئەگەر داواكاریی بەغدا نەبوایە زیاتریش دوایان دەخست.

پێت وایە لە كۆنگرەی داهاتووی كۆمەڵدا ڕكابەری عەلی باپیر درووست بێت، ئایا ئەو كۆنگرەیە سەركەوتوو دەبێت؟
نەخێر هیچ كەس ڕكابەری عەلی باپیر نابێت، ئەگەر پڕۆژەی داهاتوو دیاری كرا و ئامادەكاریی بۆ گۆڕانكارییەكانی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی كرا، ئەوە كۆنگرەیەكی سەركەوتووە، ئەگەر هەمان حاڵی پێش كۆنگرە بوو ئەوە شكستخواردووە.

قسەیەك هەبوو كە لە كۆنگرەی كۆمەڵدا ناوی حزب و كەسی یەكەم گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەمە ناچێتە بازنەی گۆڕانكارییەوە؟
من زۆر لەگەڵ ناودا نیم، چونكە كێشە لەسەر ناو نییە لەسەر كردەوەكانییەتی، ئێمە سەرەتا ناوماننا جەماعەی ئیسلامی، بەڵام وەك جەماعەی ئیسلامیی شوێنان نەبووین، ئەوەش ڕاستییەكە دەبێ هەموان ده‌ركی پێ بكەین، حزبی ئیسلامی بەو مۆدێلەی ئێستا ناتوانێ هەنگاو بەرەوپێشەوە هەڵبگرێ، لە جیهاندا ئیشی باشتریش دەكەن و ناوەكەشی پێوە نەماوە، ئیتر پاشگری ئیسلامی پێوە بێ یان نا، ناوی خەلیفە بێ یان ئەمیر هیچ لە بنەمای كارەكە ناگۆڕێت.

خەت و باڵ هەیە لە ناو كۆمەڵ؟
ناسری سوبحانی (رەحمەتی خوای لێ بێت) دەڵێ كاتێ‌ درووستە حزبی ئیسلامی هەبێت ئەگەر دانان و لابردنی سەركردەكانی لە پۆستەكانیان بە لایانەوە وەكو یەك بێت، ئەگەر هەر سەركردە و هەوڵی مانەوەی خۆی بدات لە پلەو پۆستەكەیدا بەڵێ‌ كوتلەكاری درووست دەبێت.

لە كۆنگرەی پێشوو بڕیار درا بەرپرسی مەڵبەندەكان لە ناوچەكانی خۆیان هەڵبژێردرێن، بەڵام ئەم جارە لە ناو كۆنگرە هەڵدەبژێردرێن، جیاوازییان هەیە؟
بۆ حزبێكی جەماوەری دەبێت بەرپرس لە ناو جەماوەرەكەی خۆی هەڵبژێردرێت.

ئەو خەڵكە بۆ لە حزب سارد دەبنەوە؟
لە دەرەنجامی ماندووبوون و دووبارەبوونەوەی بەرپرس و شێوازی كار، سەیر دەكەن چوار ساڵی داهاتوویان هەروەك چوار ساڵی ڕابردووە، ناتوانن گۆڕانكاری بكەن ئیتر ئەمە دەبێتە هۆی بێزاری و دانیشتن.

پێشبینی چی دەكەی بۆ كۆمەڵی پاش كۆنگرە؟
ئەگەر هەر بەو ڕیتمەی ئێستا بێت بەرەو ئاڕاستەیەكی خراپ دەڕوات، چونكە خەڵك بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی بەڕێوەیە دەیانەوێ سەركردەیەكیان هەبێ، ئیتر ئایا ئەو سەركردەیە كێ دەبێت گرنگ نییە، لە لایەكی دیكەوە ئەگەر هەموو تواناكان بۆ ئەوە بخرێتە ڕوو كە پێگە و پۆستی قیادەكانی ناو حزب پارێزراو بێت ئەوە دەرەنجامی خراپی دەبێت.

سەرچاوە: ئاژانس