کوردستان

وەزیری كارەبا: بەغدا پێشنیازی دانانی سیستمی بەرگری ئاسمانی لە كێڵگەی كۆرمۆر كردووە

02/05/2024
waziri karaba

دەنگوباس

وەزیری كارەبای هەرێم ڕایگەیاند، ئەو لیژنەیەی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق, سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد، پێشنیازیان کردووە، لە ڕێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە کێڵگەکە بپارێزرێت، بەپێویستیشی زانی ئەو پێشنیازە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

كەمال محەمەد، وەزیری کارەبای هەرێم دوای كۆبونەوەی لەگەڵ زیاد عەلی فازل, وەزیری كارەبای عێراق, كە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی شاندێک گەیشتە شاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەكرد، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کاریگەری لەسەر ڕەوشی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراق هەبووە، ئێستا پەستانی غاز بۆ وێستگەکان بەرزبووەتەوە، لە کۆی 520 ملیۆن پێ سێجا غازی پێویست، بڕی 420 ملیۆن پێ سێجا، دەگاتە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی كارەبا.

لە دوای هێرشە درۆنییەكەی  هەینی ڕابردوو بۆ سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، كە بووە هۆی كوژرانی چوار كارمەند و برینداربوونی هەشت كارمەندی تری كۆمپاینای دانەغازی ئیماراتی، كۆمپانیاكە بە شێوەیەكی كاتی كارەكانی ڕاگرت و دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە كێڵگەكە وابەستەی توندوتۆڵكردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەكان كرد، لەلایەن هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە بۆ پاراستنی گیانی كارمەندەكانی.






#باشووری_کوردستان