رۆژهەڵاتی ناوەراست

عێراق بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین جێبەجێ دەکات

30/04/2024
banzin

دەنگوباس

سبەینێ چوارشەممە، بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینی موحەسەن لە 650 دینارەوە بۆ 850 دینار، و بەنزینی سوپەر لە هەزار دینارەوە بۆ هەزار و 250 دینار بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە بەگوێرەی نووسراوێک کە لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە دەرچووە، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینی موحەسەن بۆ (850) دینار بۆ هەر لیترێک و بەنزینی سوپەر بۆ 1250 دینار بۆ هەر لیترێک لە سبەینێ 1/5/2024 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە،

ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، کە لە 26ی ئازاری 2024 بەڕێوەچوو، بڕیاریدا نرخی بەنزینی موحەسەن و بەنزینی سوپەر بەرزبکاتەوە، کە لە 1ی ئایاری 2024ەوە دەستپێدەکات.

پێشتر حکومەتی عێراق بڕیاریدابوو نرخی سەرجەم جۆرەکانی بەنزین گۆڕانکاری بەسەردابێت و گران ببن، بەڵام لەبەر تووڕەیی شەقام و دروستنەکردنی بارگرانی بۆ کەسانی کەم دەرامەت و داهات سنووردار، بڕیاردرا نرخی بەنزینی نۆڕماڵ وەک خۆی بمێنێتەوە کە 450 دینارە بۆ هەر لیترێک.

ئەمە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان، نرخی بەنزینی نۆڕماڵ لە نێوان 690 دینار بۆ 800 دیناردایە، و بەنزینی موحەسەن لە نێوان 950 بۆ 1000 دیناردایە، و بەنزینی سوپەر 1150 دینارە.


#عێراق