رۆژهەڵاتی ناوەراست

سودانی: گرنگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕێککەوتنی سیاسی ئەنجام بدرێت

30/04/2024
sudani

دەنگوباس

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، کە گرنگە سەرجەم لایەن و پێکھاتەکان بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سەربە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، عومەر ئەحمەد محەمەد ڕایگەیاند کە گرنگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕێککەوتنی سیاسی ئەنجام بدرێت و سەرجەم لایەن و پێکھاتەکان لە ھەرێم بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە محەمەد شیاع سودانی پێشوازی کردووە لە عومەر ئەحمەد محەمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سەربە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو ڕێوشوێنانە کراوە کە کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرتوویەتەبەر.

باسی لەوەشکردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە گرنگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕێککەوتنی سیاسی ئەنجام بدرێت، سەرجەم لایەن و پێکھاتەکان لە ھەرێم بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن، بۆ ئەوەی پرەنسیپی دادپەروەریی و یەکسانی بەدی بێت.

بڕیارە ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ، خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچیت و پڕۆسەکە ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لێکەوتووەتەوە و ئەگەری ھەیە پڕۆسەکە لەو وادەیە ئەنجام نەدرێت و بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دوابخرێت.


#باشووری_کوردستان
#عێراق
#هەڵبژاردنی کوردستان