رۆژهەڵاتی ناوەراست

سەرۆک کۆمار: پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێم بە باشترین قۆناغدا تێدەپەڕێت

29/04/2024
dr latif rashid

دەنگوباس

سەرۆک کۆماری عێراق جەخت لە گرنگی ڕۆڵی ئەرێنی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و شرۆڤەکارانی سیاسی لە بنیاتنانی سیاسەت و بڕیار لە سیستەمی دیموکراسیدا دەکاتەوە و ڕایگەیاند، پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێم بە باشترین قۆناغدا تێدەپەڕێت.

ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆشكی سەلام، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆمار لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکار و شرۆڤەکار و ئەکادیمی كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، د. لەتیف ڕەشید ئاماژەی بەوەدا، دەرگاکانی کۆشکی سەلام ھەمیشە کراوەن بۆ ھەموو ئەو زانیاریانەی پێویستییان پێیەتی بۆ گەیشتن بە دیدگا و دەرئەنجام و شیکاریی ورد و ھاوسەنگ.

سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە، ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی وڵات بەخۆیەوە دەبینێت بە ھەنگاوێکی جەوھەری دادەنرێت بەرەو باشترکردنی ڕەوشی وڵات ھەروەھا جەختی لەسەر پێویستی ھاریکاری و ھاوئاھەنگی نێوان ھەموو ھێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان کردەوە لەپێناو جێگیرکردنی ئەو سەقامگیرییە وەک کارێکی لەپێشینە بۆ گەشەپێدانی ھەلی پەرەپێدانی گشتگیر و بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە.

د.لەتیف رەشید ئاماژەی بە گرنگی پاڵپشتیکردنی حکومەت کرد لە جێبەجێکردنی بەرنامە وەزارییەکەی، کە بنیاتنراوە لەسەر بنەمای باشترکردنی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاری ھاووڵاتییان و وتی، “وڵات ماوەیەکی درێژخایەنی ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە و کاریگەری لەسەر بارودۆخی گشتی بەجێھێشتووە بەتایبەتی کەرتی ئابووری”.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی بەرەوپێشبردنی دۆخی ئابوری و بژێوی و ئامادەکردنەوەی ژێرخانی بنەڕەتی و کارکردن بۆ پێشخستنی وەبەرھێنان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت کرد، بۆئەوەی ڕۆڵی خۆی لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوری و رەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان بگێڕێت.


#عێراق