راپۆرت و چاوپێکەوتن

ڕاپۆرتێک دەربارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکرایەوە

28/04/2024
bafel talabani

دەنگوباس

کەناڵی "ڤی ئۆ کەی" کە بە نزیک لە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل دەناسرێت، ڕاپۆرتێکی دەربارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە کە سەرەڕای کوژرانی چوار کارمەندی یەمەنی، بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانیشی بە ڕێژەی 70% کەمکردەوە.

کەناڵەکە بڵاویکردەوە کە ئەمریکییەکان گومانیان هەیە لەوەی هێرشەکە بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە لایەن تیمێکی تایبەتی هێزی کۆماندۆوە ئەنجام درابێت.

هۆکاری ئەو ئەگەرەشی گەڕاندەوە بۆ پرسی بلۆککردنی نزیکەی 250 ملیۆن دۆلاری یەکێتی لەلایەن ئیماراتەوە و ڕاشیگەیاند، ئێستا ئەمریکا و بەریتانیا لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی پارەکە دەکەن.

کەناڵەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئێستا لەو بارەیەوە دۆسیەیەک لە دادگای بەریتانیا لە دژی بافڵ تاڵەبانی کراوەتەوە و سەرۆکی یەکێتیش بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە لە لەندەنە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە "هەندێک پێیانوایە بافڵ تاڵەبانی بۆ فشارخستنە سەر ئیمارات لەسەر ئەو پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە ئەو کارە(هێرشەکە)ی کردووە، چونکە کۆمپانیای دانەغاز کە کێڵگەی کۆرمۆر بەڕێوە دەبات، کۆمپانیایەکی ئیماراتییە".

کەناڵی ڤی ئۆ کەی، دووپاتیشکردەوە کە "ئەمریکییەکان و بەشێک لە چاودێرانی بیانی" گومانیان هەیە کە هێرشەکە بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی ئەنجام درابێت.
هەرچەندە شەوی هەینی، قوباد تاڵەبانی لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکەی سەر کۆرمۆری ئیدانە کرد، بەڵام تا ئێستا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی هیچ هەڵوێستێکی لەو بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.


#باشووری_کوردستان