راپۆرت و چاوپێکەوتن

گۆتێرێس: کاتی ئەوە هاتووە زنجیرەی تۆڵەسەندنەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕابگیرێت

19/04/2024
israel and iran

دەنگوباس

تا ئێستا لەلایەن ئێرانەوە هیچ ئاماژەیەک نییە، بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هێرشەکەی ئیسرائیل، نەتەوەیەکگرتووەکانیش داوای وەستاندنی شەڕ دەکات.

ئەمڕۆ هەینی، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە زنجیرەی تۆڵەسەندنەوەی مەترسیدار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ئێران و ئیسرائیل بوەستێنرێت، هۆشداریشی-دا لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی چەند فڕۆکەیکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر شاری ئەسفەهانی ئێران، سەرچاوەکان بە هێرشی ئیسرائیل وەسفیان کرد، بەڵام تا ئێستا ئێران بە فەرمی ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار نەکردووە، بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەش ڕایانگەیاندووە، "ئێران نیازی تۆڵەسەندنەویە نییە"، ئەمەش بە وەڵامدانەوەیەک بۆ کپکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دادەنرێت.

سنوورداربوونی مەودای هێرشەکە و بێدەنگی ئێران لەو بارەیەوە ئاماژەیە، بۆ هەوڵی سەرکەوتووی دیپلۆماتکاران کە هەوڵدەدەن هێرشەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە شێوەیەک کە لەوە زیاتر پەرەنەسەنێت، کە فراوان ببێت و وڵاتانی ناوچەکەش تێوەبگلێن.

لە کاتێکدا، هەفتەی ڕابردوو ئێران لە ڕێگەی زیاتر سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە هێرشێکی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا، لە ئەنجامی تۆڵەسندنەوەی لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، کە چەند بەرپرسێکی باڵای ئێرانی تێدا کوژران.

وەڵامدانەوەی ئێران، بە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل، لە ڕێگەی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەو بوو، بەڵام زیانێکی کەمی لێکەوتەوە، لەلایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانییەوە توانرا سەرجەمیان بخرێنە خوارەوە.

سەبارەت بە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ئەسفەهانی ئێران، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەوە توانراوە سێ فڕۆکەی بێفرۆکەوانی هێرشبەر تێکبشکێنرێت، ڕاشیانگەیاند، "ئێران بە پێویستی نازانێت، وەڵامی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بداتەوە".

بەرپرسێکی ئێرانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، تا ئێستا پشتڕاستمان نەکردووەتەوە کە سەرچاوەیەکی دەرەکی لە پشت ڕووداوەکەوە بووبێت، زیاتر وەک هەوڵی دزەکردنە ناو خاکی ئێران دەیبینین نەک هێرش.

ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە بێدەنگە، ئەمریکاش ڕەتیکردەوە هیچ ڕۆڵێکی هەبێت، ئەنتۆنی بلینکن لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند، "ئەمریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵام بەشداری لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەریدا نەکردووە".


#ئێران